لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هاوکارییە ستراتیژییەکانی نێوان زانکۆ و کەرتی پیشەسازیدا، ئەندامانی دەستەی زانستیی بەشی ئەندازیاریی میکانیکی زانکۆی کوردستان سەردانی کۆمپانیای دروستکردنی تایەی بارزیان کرد. لەم کۆبوونەوەیەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی هاوکاریی هاوبەشی فێرکاری، توێژینەوەیی و تەکنەلۆژی کردەوە.
پەرەپێدانی هاوکاریی ستراتیژیی نێوان زانکۆ و پیشەسازی: سەردانی ئەندامانی دەستەی زانستیی ئەندازیاریی میکانیک لە کۆمپانیای تایەی بارز
بەپێی ڕاگەیاندنی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، ئەندامانی دەستەی زانستیی بەشی ئەندازیاریی میکانیک بە ئامادەبوون لە کۆمەڵگەی پیشەسازیی تایەی بارز، قۆناغێکی نوێیان لە کارلێکی زانستی و پیشەسازی دەست پێ کرد. ئەم سەردانە بە مەبەستی تاوتوێکردنی توانستە هاوبەشەکان و زەمینەسازی بۆ هاوکاریی بەردەوام ئەنجام درا.
لەم کۆبوونەوە پسپۆڕانەیەدا، چەندین تەوەر بۆ هاوکاری خرانە بەر باس و ڕێککەوتنی سەرەتاییان لەسەر کرا، کە گرنگترینیان لە دوو بواری توێژینەوە و تەکنەلۆژیا و تواناسازیی قوتابیاندا چڕ بوونەوە:
١. هاوکاریی توێژینەوەیی و تەکنەلۆژی:
جێبەجێکردنی پڕۆژەی توێژینەوەی هاوبەش، کەڵکوەرگرتن لە هەلی خوێندنی پیشەیی (فرصت مطالعاتی)ی ئەندامانی دەستەی زانستی لە کەرتی پیشەسازیدا، سوودوەرگرتن لە توانای باجی کەمکراوەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیا، و پشتیوانیی تایبەت لە نامەی دەرچوونی خوێندنی باڵا کە پەیوەست بن بە پێداویستییەکانی پیشەسازیی تایەوە.
٢. تواناسازیی قوتابیان و ئاڵوگۆڕی زانست:
ڕەخساندنی هەلی ڕاهێنانی ئامانجدار بۆ قوتابیان، پێدانی سکۆلارشیپ بە قوتابییە یەکەمەکانی قۆناغی بەکالۆریۆس، بەڕێوەبردنی خولی بەرزکردنەوەی کارامەیی، و سازکردنی سیمیناری پسپۆڕانە لەلایەن ئەندازیارە دیارەکانی کۆمپانیای بارزەوە لە زانکۆدا، بە مەبەستی گواستنەوەی زانستی تەکنیکی و ئەزموونە کردارییەکان.
واژۆکردنی لێکتێگەیشتنامەیەکی گشتگیر لە کارنامەدایە
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی داڕشتن و واژۆکردنی لێکتێگەیشتنامەیەکی گشتگیر کردەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو تەوەرانەی کە ڕێککەوتنیان لەسەر کرابوو. هەر لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەری پەیوەندی لەگەڵ پیشەسازی و کۆمەڵگەی زانکۆی کوردستان، بانگهێشتی بەڕێوەبەرە باڵاکانی کۆمپانیای بارزی کرد بۆ ئامادەبوون لە زانکۆ و درێژەدان بە گفتوگۆکان لە ئاستێکی باڵاتردا.
